٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا بابەکر فەقێ: بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لیژنەیەک پێک هاتووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەخت لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکاتەوە، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەدواداچوونی پرۆسەکە لیژنەیەک پێک ھێنراوە.

١١ی ئەم مانگە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەت و فەرماندە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بووەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەت و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بێت.

لەم بارەیەوە، لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و لیژنەیەکش دروست بووە، لیژنەکەش لە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ پێک ھێنراوە و سەر‌ۆکی ھەرێم، خۆی سەرپەرشتیی لیژنەکە دەکات."

بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایشیگەیاند: "حەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ھەرێم یەکەم دانیشتنی پەیوەست بە ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد، ھەربۆیە ئەم بابەتە دراوە بە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم. ھەروەھا کاری ئەو لیژنەیە چاکسازیی زیاتر دەربارەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پیشمەرگە و دانانی ھێزێکی نیشتمانییە، بۆیە کۆبوونەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن."

ھاوکات ئاماژە بەوەش دەکات: "ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا، ئەم بەڕێوەبەرایەتییەش زیاتر بۆ چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراو و، ھاوکات ھەوڵێکیش بوو بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەم پرۆژەیەش لە لایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئامانجیشیان یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠یە."

ھەڵکەوت محەمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار