٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سلێمانی.. هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە چوو

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، هەڵمەتێكی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە برد، بەرپرسی ناوەندی باڵای سلێمانیی رێكخراوەكەش دەڵێ: "ماددە هۆشبەرەكان ئافاتی ئەم سەردەمەن و دەمانەوێت هاووڵاتیان و بە تایبەت لاوان، لە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر ئاگادار بكەینەوە".

لە سلێمانی و لە ژێر ناوی (ماددەی هەشبەر، چەكی لاوكوژ) یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پانێڵێكی بۆ ژمارەیەك پسپۆڕی دەروونی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ساز دا، لەو بارەیەوە، شڤان كوردستانی، بەرپرسی ناوەندی باڵای سلێمانیی یەكێتیی لاوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتێكی یەك هەفتەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هەشبەرەكان ساز داوە، كە لە رێگای پانێڵ و دیدارەوە زانیاری بە هاووڵاتیان و بە تایبەت لاوان دەدرێت، كە خۆیان لە ماددە هۆشبەرەكان بەدوور بگرن، چونكە لاوان سەرمایەی مرۆیی كۆمەڵگان و ماددە هۆشبەرەكانیش ئافاتی ئەم سەردەمەن، كە بە تیرۆری سپیش ناودێر دەكرێن و سەرمایەی مرۆیی لەناو دەبەن".

هاوسەر ساڵح، ئەفسەر لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان و شارەزا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، كە یەكێك لە بەشداربووانی پانێڵەكە بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەنجامدانی ئەم پانێڵانە زۆر گرنگە، چونكە ماددەی هۆشبەر پەیوەندی بە هەموو كۆمەڵگاوە هەیە، بەڵام لاوان وەك چۆن لە هەموو بابەتێكی تردا كاراكتەری سەرەكین، لەمەشدا لاوان و مێرمنداڵان زیاتر كاریگەر دەبن".

 

زریان كەمال

 

هەواڵی پەیوەندیدار