میرخان بۆ KDP: بەشێكی دیكەی زیندانیانی سیاسی مینحەیان بۆ دەبڕدرێتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، بڕیار دراوە هەردوو یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەموار بكرێنەوە، چونكە ئەو زیندانییە سیاسییانەی 10ساڵە مینحە وەردەگرن، لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا وادەكەیان تەواو دەبێت، بۆیە ئەوانەی دوو مووچەیان هەیە، پێویستە مووچەیەك هەڵبژێرن و وەجبەیەكی دیكەی زیندانیانی سیاسییش مینحەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
سەوسەن محەمەد میرخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كار بۆ ئەوە دەكەین بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەموار بكەینەوە، چونكە كۆمەڵێك گیروگرفتیان هەیە و دەمانەوێت بۆیان چارەسەر بكەین و خزمەتی زیاتریان بكەین".
میرخان گوتیشی: "لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا ئەوانەی مینحەی زیندانیی سیاسی وەردەگرن، وادەی یاسایی وەرگرتنی مینحەكەیان تەواو دەبێت و پێویستە مینحەكەیان ببڕدرێت و بەشێكی دیكەی زیندانیانی سیاسی مینحە وەربگرن، چونكە 23هەزار زیندانیی سیاسی لە هەرێم هەن و تەنها پێنج هەزاریان مینحە وەردەگرن، بۆیە ئەوانەی مینحە وەردەگرن دوو جۆرن، بەشێكیان مووچەخۆری حكوومەتیشن و بەشێكی دیكە تەنها مینحەكە وەردەگرن، بۆیە ئەوانەی تەنها مینحەیان هەیە، لێیان نابڕدرێت، بەڵام ئەوانەی دوو مووچەیان هەیە، پێویستە یەكێكیان هەڵبژێرن و بەشێكی دیكەی زیندانیانی سیاسییش دەبنە خاوەنی مینحە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، لەبەر ئەوەی حكوومەت توانای دارایی سنووردارە، رەنگە نەتوانێت مینحە بۆ هەمووان ببڕێتەوە، بەڵام وەكو قۆناغی یەكەم بەشێكی دیكە مینحەیان بۆ دەبڕدرێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت تاوەكو هەمووان دەبنە خاوەن مینحە، چونكە مامەڵەكانیان كردووە و تەواویش بووە و تەنها ماوە مینحەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




