ئارام نەجمەدین: مانگی داھاتوو وادەی یاسایی كۆمسیاران كۆتایی دێت

هەولێر-KDP.info- وادەی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێ، پێویستە پەرلەمان بڕیار لەسەر مانەوە یان گۆڕینی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بدات.
ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە گوێرەی یاسا ھەر خولێكی كۆمیسۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵە، دوای تەواوبوونی مافی ئەوەیان ھەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكەش بمێننەوە، بەڵام پێویستە پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر مانەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بدات".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن گوتیشی: "رۆژی ٢٦ی مانگی داھاتوو، وادەی یاسایی كۆمسیاران كۆتایی دێت و پێویستە چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە، كە ئایا ماوەیان درێژ دەكرێتەوە یانیش خەڵكێك دیكە لە شوێنیان دادەنرێت".
لەبارەی ھەبوونی پڕۆژەیەك بۆ كۆمسیۆن، ئارام نەجمەدین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەپێی ئەو زانیاریانەی ھەن، ماوەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان بۆ دوو ساڵی دیكە درێژ دەكرێتەوە، بەڵام مەرجە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات".
قائید میرۆ




