بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم خولی ٢٦ەمینی ئەفسەران لە ئەكادیمیای زاخۆ بهڕێوهدهچێت

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خولێكی ئەفسەری لە ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ تەواو دەبێت و بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، ئەو ئەفسەرانەی بەشداریی ئەو خولەیان كردووە، لە ملازمەوە تا عەمیدیان تێدایە.
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد پشدەری، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ خولی ٢٦ەمینی دەرچوونی دەیان ئەفسەری بەشداربوو لە ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ بەڕێوە دەچێت، كە ٩ مانگ بەردەوام بووە، ئاماژەی بەوەش دا، بەشدارانی خولەكە لە ئەفسەی ملازم هەتا پلەی عەمیدیان تێدایە، كە سەر بە یەكەی ٨٠ و وەزارەتی پێشمەرگەن.
ناوبراو روونی كردەوە، كە دوای دەرچوونی ئەفسەرەكان لە ئەكادیمیایەكە، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و لە كاتی تەشكیلاتیشدا سوود لەو ئەفسەرانە وەردەگیرێت، بەو پێیەی ئەفسەری ئەكادیمین، لە ماوەی ئەو خولە ئەكادیمییەی بینیویانە، راهێنانیان لەسەر كۆی سیستمی سەربازی لەو كۆلێژەدا پێ كراوە، هاوكات وانەكانی چەكناسی و هەموو ئەو وانانەی لە كۆلێژی سەربازیدا هەن خوێندوویانە چ بە كرداری چ بە تیۆری.
خێڵان بەختیار




