ھەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای بۆ چارەكردنی كێشەكانی سەرژمێری پێك ھێناوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق دهڵێ، سەرەڕای ئاڵۆزییەكانی عێراق، ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق بەردەوامن و دەشڵێ، كورد پێداگریی كردووە ئەو خەڵكانەی بەناوی ئاوارە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم نیشتەجێ كراون، لەسەر ئەو ناوچانە ھەژمار نەكرێن.
مەحموود عوسمان، ئەندامی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی راگەیاند: "ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە ساڵی داھاتوودا بەردەوامن، بەڵام بە ھۆی ئاڵۆزییەكانی عێراق ھەندێ سستیی تێكەوتووە، چونكە دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و وەزارەتی پلاندانان نزیكن لە شوێنی خۆپیشاندانەكانی عێراق و ژمارەیەكی كەمتر فەرمانبەر پابەندی دەوامن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ھەنگاوی باش نراوە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی، لەگەڵ ھێوربوونەوەی خۆپیشاندانەكانی عێراقیش ھەنگاوی خێراتر دەبڕین بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی".
ئەندامەكەی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق گوتیشی: "هەفتەی رابردوو تیمێك لە عێراق و ھەرێمی كوردستان سەردانی قاھیرەی پایتەختی میسریان كردووە بە مەبەستی شارەزابوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە و راھێنانیشیان ئەنجام داوە".
عوسمان جەختی كردەوە: "ئەمجارە بە سیستمی تابلێت سەرژمێری ئەنجام دەدرێت و كاتی زۆری ناوێت، كە سیستمێكی پێشكەوتووە و كارئاسانیی زۆری بۆ پڕۆسەكە دەكات".
لەبارەی ھەبوونی كێشە لە نێوان ھەرێم و بەغدا، مەحموود عوسمان دەڵێت: "راستە ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان كێشەمان ھەیە لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەر ئەوەش وای كرد حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی چەند وەزیرێك پێك بێنێ بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق و كۆمسیۆنی باڵا، كە لە لایەن سەرۆكوەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، چونكە باری دیمۆگرافیی ناوچە كوردستانییەكان گۆڕانكاری تێكەوتووە و پێویستە ئاسایی بكرێتەوە، داواشمان كردووە ھەموو ئەو خەڵكەی بە ناوی ئاوارە و ھەر ناوێكی دیكە لە ناوچە كوردستانییەكان نیشتەجێ كراون، بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان و نابێت لەسەر ئەو ناوچانە ھەژمار بكرێن".
قائید میرۆ




