٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ھەولێر دەست بەسەر دوو کۆگای دەرمانی ماوەبەسەرچوودا گیرا "

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر -KDP.info- لە شاری ھەولێر دوو کۆگای پڕ لە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی ھەن و ماوەیان بەسەر چووە، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، ھەرکەسێک ھۆکار بێت لە بەسەرچوونیان سزا دەدرێت.

 

لەم بارەیەوە، خانزاد مام وسوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ماوەی دوو ڕۆژە خەریکی بەدواداچوونە لەسەر کەیسی دوو کۆگای پڕ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە شاری ھەولێر، ئەو دوو کۆگایە سەر بە حکوومەتن و بڕێکی یەکجار زۆر دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان تێدایە، کە ماوەیان بەسەر چووە."

 

سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: "ماوەیەکی زۆر ئەو پێداویستییە پزیشکییانە لەنێو ھەردوو کۆگاکەدا ماونەتەوە و پێشتریش ھیچ لیژنەیەک ئامادە نەبووە لێکۆڵینەوە بکات و لەناویان ببات، چونکە جگە لەوەی سەرپێچییەکی گەورەیە، مەترسیی بۆ سەر ژیانی کارمەندان و ھاووڵاتییانیش پەیدا کردووە."

 

خانزاد مام وسوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونین، ھەرکەسێک بووبێتە ھۆکاری بەسەرچوونی ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانە، بەپێی یاسا سزا دەدرێت، لەبەر ئەوەی بەشێک لەو دەرمان و پێداویستییانە لە بەغداوە ھاوردە کراون و لە پارەی خەڵکی کوردستان کەم کراوەتەوە."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار