٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سكرتێری یەكەمی باڵیۆزخانەی كەنەدا: هێزەكانی كەنەدا پشتوانی لە هێزی پێشمەرگە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- تاریق گۆردن، سكرتێری یەكەمی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە كوەیت، كە لەهەمان كاتدا بەرپرسی مەلەفی عێراقە، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد و لەلایەن دارا باراوی و بەرپرسی دیسكی ئەمەریكا و هەڤاڵانی دیكەی مەكتەبەوە پێشوازی كرا.

 لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا و هاوكاری و ڕۆڵی كەنەدا بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا. بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان پەیوەست بوون بە دواین پێشهاتەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، باراوی ڕایگەیاند: "ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ داخوازییە ڕەواكانی خۆپیشاندەرانداین و پێویستە حكوومەتی عێراق وەڵامی دروستی هەبێت، كە جێگای ڕەزامەندییان بێت و وەڵامی داخوازەكانیان بداتەوە، ئێمە پشتیوانیی تەواو لە حكوومەتی فێدراڵ و سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق دەكەین. ئەوەی گرنگە و پێویستە ئەوەیە كە لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت پشتگیری لە سەرۆكوەزیران بكەن تاكو بتوانێت بەسەر ئەو كێشە كەڵەكەبووانەدا زاڵ بێت و نابێت هیچ لایەنێكی سیاسی داخوازیی خۆپیشاندەران بۆ مەرامی سیاسی بەكار بێنن لەبەرئەوەی ئەوە دەبێتە هۆكاری ئاڵۆزیی زیاتر".

بەڕێز تاریق گۆردن، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و جەختی كردەوە، كە هێزەكانی كەنەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پشتوانی لە هێزی پێشمەرگە دەكەن بۆ شەڕی تیرۆر و مەشقی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان گەنگەشە كرا و بە مەترسی ناو برا و هەردوولا پێیان وابوو كە پێویستە كۆتایی بە هێرشی سەربازیی توركیا بێت و ڕێگای ئاشتی بگیرێتە بەر بۆ چارەسەری سیاسی بۆ پرسی كورد لە ناوچەكەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار