٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوڕوپا لە عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ١٥ـی ١٠ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مارتین هوس باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ڤینسۆ پوپۆ بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كە لە بەغدا تازە دەستی بە كارەكانی كردووە، پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتنە ئیجابیانەی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە و هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەنادان و حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپای لەمەڕ بارودۆخی ئێستای سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی یەكێتیی ئەوروپای لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو دۆخەی كە لە سووریاوە هاتووەتە ئاراوە نیگەرانی و تێبینییەكانی لەسەر ڕەوش و ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دروستبوونی كەشی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئیجابی هەڵسەنگێندرا.

تاوتوێكردنی هەڕەشە و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە تەوەرێكی تری دیدارە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار