سه‌رۆك بارزانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان به‌سه‌رده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی به‌بۆنه‌ی 49 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی له شاری هه‌ولێر كرد.
رۆژی یه‌كشه‌ممه 22ـی9ـی2019 له هه‌ولێری پایته‌خت، سه‌رۆك مسعود بارزانی به‌بۆنه‌ی 49ـمین ساڵیادی دامه‌زراندنیانه‌وه و بە مەبەستی پیرۆزبایی، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی زانایانی ئیسلامی كوردستان كرد و له‌لایه‌ن دكتۆر عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و دكتۆر پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی و ئه‌ندامانی یه‌كێتی زانایان و ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی پێشوازی كرا.
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنان و نرخاندنی ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی، ئاماژه‌ی به مێژووی خه‌باتی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان كرد و رۆڵی رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی بارزانیی نه‌مر له دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان وه‌ك مێژوویه‌كی پڕشانازی یه‌كێتیه‌كه‌یان وه‌سفكرد.
سه‌رۆك بارزانی له وته‌یه‌كدا ته‌ئكیدی له رۆڵی ئه‌و دامه‌زراوه گرنگە له كۆمه‌ڵگەی كوردستان و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كرده‌وه و گوتی: من له بیرمه جه‌نابی بارزانی، هه‌وڵیدا ئه‌و رێكخراوه دابمه‌زرێت، بێگومان مامۆستایانی ئایینی رۆڵێكی زۆر پیرۆز و گه‌وره‌یان بینیوه به‌تایبه‌ت له شۆڕشی ئه‌یلوول. شه‌و و رۆژ ده‌گه‌ڕان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان و دێ به دێ، خه‌ڵكیان هانده‌دا و ئامۆژگاریان ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه بكه‌ن، زۆرێك له‌وان چه‌كیان هه‌ڵگرت و شه‌هیدیشیان هه‌بوو، هیوادارم مامۆستایانی ئایینی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و رۆژه پیرۆزه.
سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری دینی ئیسلام كرده‌وه و ئاماژه‌یدا: به‌داخه‌وه ده‌بینین لە هەندێ لاوە ئینحیراف دروست بوو، كەچی دینی ئیسلام دینی ئاشته‌وایی و خۆشه‌ویستییه، ئه‌ركی ئێوه‌یه مرۆڤ په‌روه‌رده بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای په‌روه‌رده‌یه‌كی درووست و رێزگرتن و خۆشه‌ویستی.
سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داعش و تیرۆریستان گه‌وره‌ترین تاوان و خیانه‌تیان به‌رامبه‌ر به دین كرد، ئه‌وه‌ی تیرۆریستان كردیان، كامیان له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام یه‌ك ده‌گرێته‌وه؟ له كوشتن و بڕین و سووتانی خه‌ڵك. زۆر گرنگه خه‌ڵك وا په‌روه‌رده بكرێت، دین و نیشتمان له یه‌ك جیا نه‌كرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی دیندار بێ نیشتمانه‌كه‌ی خۆشده‌وێت، ئه‌وه‌ی نیشتمانی بوێت دینداره.




