فەلاح حەسەن: تا کۆتایی ئەمساڵ دەیان لاوی کورد دەنێرینە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا

ئەورووپا-KDP.info- فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی ئەوڕووپا و جیھان کە ھاوکات نوێنەری دەرەوەی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێ، تا کۆتایی ئەمساڵ دەیان لاوی کوردستان دەنێرینە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا بە مەبەستی شارەزایی وەرگرتن لە دیپلۆماسیەتی وڵاتانی دەرەوە.
بەبۆنەی ھاتنی یادی ١٦ی ئاب و ٧٣ مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی ئەوڕووپا و جیھان کە ھاوکات نوێنەری دەرەوەی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند کە دڵخۆشە بەوەی لەم ساڵڕۆژەدا کەیادی دامەزراندنی پڕ خەباترین پارتی سیاسی و نیشتیمانی ئەم وڵاتەیە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، موژدە بە لاوان و گەنجانی دیپلۆماسی و سیاسی کوردستان بدات کە بۆ گەشتی زانستی دیپلۆماسی تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠ لاو دەنێرنە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی شارەزایی پەیدا بکەن لە دیپلۆماسیەتی وڵاتانی دەرەوە و سیاسەتی دەرەوەدا.
فەلاح حەسەن راگەیاند، لاوانی ئەوڕووپا لەھەر پێنج شاری کوردستان لەسەر چەند پێوەرێکی سیاسی لاوان و گەنجان ھەڵدەبژێرن بۆ ئەم گەشتانە و تێچووی گشتی گەشتەکانیش بەھەماھەنگی لاوانی ئەوڕووپا و چەند سپۆنسەرێکی ڕێکخراوی سیاسییەوە دەبێت، لەکۆتایدا فەلاح حەسەن رایدەگەیەنێت کە بەھەموو توانایەکیان کاردەکەن تا لاوی سیاسی بە ئەزموون لەکوردستان دروست بکەن و ئەم جۆرە گەشتانەش سەرەتایەک دەبێت بۆ ناسین و لێھاتووی و پێشخستنی گەنجانی کوردستان لەھەرێمی کوردستاندا، چونکە چەندین دیدار و سەردانی سیاسی گرنگ ئەنجامدەدەن لە گەشتەکانیاندا.




