٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھاتنی گەشتیاران بۆ دھۆك ٣٠% زیادی كردووە"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا، زیاتر لە پەنجا ھەزار گەشتیار روویان لە سنووری پارێزگای دھۆك كردووە و بەرپرسێكی گەشتوگوزاریش دەڵێ، رێژەی گەشتیاران لەم جەژنەدا ٣٠%ی بەرز بووەتەوە و ھیچ رووداوێكی نەخوازراویش رووی نەداوە.

شەماڵ ھرووری، بەڕێوەبەری پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەر لە جەژن ئێمە پێشبینیی ئەوەمان دەكرد رۆژانە شەش ھەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای دھۆك  بكەن، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی داڕێژرابوو، توانرا رێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ جەژنی قوربان زۆر بەرز بكرێتەوە، بە شێوەیەك رێژەی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگای دھۆك بەراورد بە جەژنی رابردوو ٣٠% زیادی كردووە، بەپێی ئەو ئامارەش كە گەیشتووەتە دەست ئێمە، تا ئێستا زیاتر لە پەنجا ھەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی دھۆك كردووە".
 
ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری دھۆك دەڵێت: "تیمەكانمان تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە جێبەجێكردنی پلانی جەژن بۆ پێشوازیكردن لە میوانان، بێگومان ٧٥%ی ئەو گەشتیارانەی روویان لە دھۆك كردووە، خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، ھەموو دەزگا پەیوەندارەكانیش لە چوار رۆژی جەژندا ھاوكار و ھەماھەنگ بوونە، تا بەشێوەیەكی شارستانیانە پێشوازی لە و ھەموو گەشتیارە بكەین".
 
ھرووری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پارێزگای دھۆك لە توانایدایە رۆژانە پیشوازی لە نزیكەی بیست ھەزار گەشتیار بكات، ئەویش بە ھۆی ھەبوونی سرووشتێكی گەشتیاری و ھەبوونی ژمارەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری، لەبەر ئەوەش تا دێت كەرتی گەشتیاری لە گەشەكردنە و چەندین پڕۆژەی گەشتیارییش لە پلانی ئێمەدان بۆ خزمەتی زیاتری گەشتیاران".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار