بژار کۆچەر: بۆ وەرزی نوێ ٢٨ پرۆژە لە بەردەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە

دهۆک -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی پەرلەمان ٢٨ پرۆژەیاسا لە بەردەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە.
لە یەکی ئەیلوولی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان وەرزی دووەمی خولی یەکەمی یاسادانانی ساڵی یەکەمی پەرلەمان دەست پێ دەکاتەوە، لەو بارەیەشەوە، بژار کۆچەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێستا ٢٨ پرۆژە لەبەردەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە و داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە ئەوانیش بۆچوونیان دەربارەی ئەو پرۆژانە دیار بکەن بۆ ئەوەی لە دەستپێکی وەرزی دووەمدا بخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە."
ناوبراو گوتیشی: ''داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە لەو ٢٨ پرۆژەیە، بۆچوونیان لە سەر ١٤ پرۆژە دیار بکەن، چونکە ئەو پرۆژانە پەیوەندییان بە باری دارایییەوە هەیە و پێویستە ئەوان بۆچوونیان هەبێت."
ئێستا پەرلەمان لە پشوودایە، چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و تەنیا یەک یاسای تێپەڕاندووە، ئەویش یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و دەنگدان بە کابینەی نوێ و دیاریکردنی ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییان بووە.
کــاروان بــاعەدری




