بەرپرسی لقی 14: حەشد وهكو كاردانەوە رێگە نادەن كەس هاتوچۆی مووسڵ بكات

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیوای 30ـی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بكشێنەوە، ئەمڕۆ سەرجەم بازگەكانی هاتوچۆیان لە سنووری خۆیان داخستووە و رێگە نادەن هیچ كەسێك هاتوچۆ بۆ مووسڵ بكات.
عەلی خەلیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق مۆڵەتی 24 سەعاتی دابووبە لیوای 30ـی حەشدی شەعبی، كە پێویستە هێزەكانیان بكشێننەوە و سەرجەم بازگەكانیان لە دەشتی نەینەوا هەڵگرن، بەڵام ئەوان وەكو كاردانەوە هەڵساون بە داخستنی بازگەكان و رێگە نادەن لە سنووری ئەوان هیچ كەسێك هاتوچۆ بۆ مووسڵ بكات، لە كاتێكدا خەڵكێكی زۆری ئێمە فەرمانبەرن و رۆژانە هاتوچۆی مووسڵ دەكەن".
خەلیل گوتیشی: "ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، دژایەتیكردنی بڕیاری سەرۆكوەزیرانە و حیسابنەكردنە بۆ بڕیارەكانی، جگە لەوەش دژایەتیكردنی خەڵكی ئێمەیە، بۆیە پێویستە سنوورێكیان بۆ دابنرێت".
بڵند ئیبراهیم




