٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: ناكرێت كورد ئاوارە بن و عەرەبیش هاوردە بكرێن و هەڵبژاردنیش بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی گوتی، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام نەدرێت، چونكە بەو شێوەیەی ئێستا گورزێكی گەورە بەر كورد دەكەوێت، لەبەر ئەوەی عەرەبێكی زۆر هاوردە كراون، بۆیە پێویستە رێگری لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت.

دیاری حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو هەوڵێك دەدەین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك نەكرێت، چونكە دۆخی كەركووك جیاوازە لەگەڵ شارەكانی دیكە و عەرەبێكی زۆر هاوردە كراون، بۆیە پێویستە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی بە جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە سەرجەم كێشەكان چارەسەر دەبن و ئەوەی خەڵكی كەركووك نییە، دەچێتەوە شوێنی پێشووی خۆی".

حوسێن گوتیشی: "ئەگەر نەتواندرا لەو ماوەیەی لە بەردەستە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، پێویستە سەرجەم ئەو عەرەبانەی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هاوردەی كەركووك كراون، رەوانەی شوێنی پێشووی خۆیان بكرێنەوە و ئەوانەی ئاوارەش بوونە، بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئینجا هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ناكرێت عەرەب هاوردە بكرێن و كوردیش ئاوارە بن و هەڵبژاردن بكرێت، ئەمە نادەستوورییە و هیچ دادپەروەری نییە، بۆیە ئێمە ئەمە قبووڵ ناكەین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر ئەو كارە نەكرێت، گورزێكی گەورە بەر كورد دەكەوێت و دەیدۆڕێنێت، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك نەكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار