سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان: لەگەڵ ئەوەدا نین بەو هەلومەرجەوە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت

هەولێر-KDP.info- سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نین بەو هەلومەرجەوە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت، دەبێ ڕەوشی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەکان.
كاوە مەحموود، سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان، بەتایبەتی كەركووك، پێویستی بە هەڵوێستێكی كوردستانیی یەكگرتوو هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین بەو هەلومەرجەوە و بەو شێوەیە هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت."
سكرتێری حیزبی شیوعیی كوردستان، دەشڵێ: "یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیی بە كەركووكەوە هەیە، ناكرێت بە زۆرینە و كەمینە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، دەبووایە ئەو یاسایە لە لایەن وەڤدی كوردستانەوە تاوتوێ كرابایە، پاشان لایەنەكان كۆبوونەوەیان لەسەر كردبایە، بگەیشتبانە ڕێككەوتن، ئینجا لەناو پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درابایە، ئێستا سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای كەركووك بەردەوامە و، ئەگەر بارودۆخی كەركووك هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە زەمینە بۆ هەڵبژاردن خۆش نییە، ئەوەش مانای وایە كە نایانەوێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، دەبێ ڕەوشی ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە دۆخی خۆی و، بیگەڕێننەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانە".
ڕابین شێروانی




