ڕێكخراوی كرێكاران: 22 هەزار كرێكاری بیانی لە كوردستانن

سلێمانی -KDP.info- لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەهۆی پێشكەوتنی خێراوە لە بوارە جیاوازەكاندا، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوردەكردنی كرێكاری بیانی هەبوو. سەرۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانییش دەڵێ، ئێستا 22 هەزار كرێكاری بیانی لە كوردستانن و لە بوارە جیاوازەكاندا كار دەكەن.
حەمە هەژار، سەرۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا لە كوردستان 22 هەزار كرێكاری بیانی هەن، كە خەڵكی وڵاتانی دەوروبەر و ئاسیایان تێدایە، بەڵام لە قەیرانی داراییدا بەشێك لە كرێكارانی بیانی ڕۆیشتنە وڵاتانی ئەورووپا، ئەگەرنا ڕێژەكە زیاتر بوو".
حەمە هەژار دەڵێ: "بەردەوام كرێكاری بیانی دەڕۆن و كرێكاری نوێ دێن، بەڵام ڕێژەی ڕۆیشتن زیاترە لە هاتن، خۆشمان بەنیازین سێ هەزار كرێكار بنێرینەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، بەڵام كۆنسووڵخانەكانیان هاوكاریمان ناكەن و مەرجی قورسیان هەیە، ئامانجی ئێمەش لە گەڕاندنەوەی ئەو سێ هەزار كرێكارە بۆ ئەوەیە، یەكەم هەلی كار بۆ خەڵكی خۆمان بڕەخسێنین، دووەم دەمانەوێت ئەو پارەیەی دەڕواتە دەرەوە، بۆ ناوخۆی خۆمان بەكار بێتەوە، سێیەمیش ئەو كرێكارانە زۆربەیان نەخۆشییان هەیە و باشترە دووریان بخەینەوە لە وڵات".
ناوبراو گوتیشی: "بەشێك لە كرێكارانی بیانی نەخۆشیی ئایدز و ڤایرۆسی كەمەندییان هەیە، بۆیە داوا دەكەین لە كاتی هاتنی كرێكاری بیانیدا پشكنینی تەندروستی توندتر بكرێت".
سەرۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانی، داوایشی لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت کرد، ئەو پڕۆژەیەی كە لە لایەن ڕێكخراوی كرێكارانی بیانییەوە ئامادە كراوە، لە نزیكەوە ببینن."
عەزیز هەورامی




