لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: بەرنامەی رۆژانی جەژن دهخاتهڕوو

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، رایدەگەیەنێت لە پێناو بەسەربردنی جەژنێكی ئارام بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران، لیژنەیەكی ئەمنییان دروست كردووە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، كە لە هەموو روویەكەوە هاوكاریان بن.
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك ساڵانی پێشوو بەرنامەیەكی تایبەت و تۆكمەیان داڕشتووە وەك ئامادەكاری بۆ رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، كە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان تێیدا بەشدار دەبن و لە ئامادەباشیدا دەبن لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و گەشتیاران، كە دێنە سنووری پارێزگای هەولێر، یانیش دەچنە دەرەوەی شار.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، كە مەزەندە دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەولێر بكەن، بۆ ئەوەش ئامادەكارییان كردووە و لیژنەیەكیان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی پارێزگاری هەولێر پێكهێناوە، روونیشی كردەوە، لیژنەكە لە ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەندروستی و گەشتوگوزار پێك هاتوون، ئەوەش بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و هاووڵاتیان، كە بتوانن جەژنێكی ئارام و ئاسوودە و بێ كێشە بەسەر ببەن.
لیوا عەبدولخالق داوایشی لە سەرجەم هاووڵاتیان كرد، كە لە هەموو روویەكەوە هاوكاریان بن، لە پێناو ئارامی و سەقامگیریی ئەو چەند رۆژەی بە بۆنەی جەژنەوە پشوو دەبێت و هاووڵاتیان و گەشتیاران بە مەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش سەردانی شارەكە و سەیرانگاكان دەكەن.
خێڵان بەختیار




