كرمانج عەبدوڵڵا: داعش و قاعیدە سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن و دهیانهوێت دۆخەكە تێك بدەن

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ئێستادا لە سنووری مەخموور داعش و قاعیدە خۆیان رێك دەخەنەوە، بۆ ئەوەی كردەوەی تیرۆرستی لەو سنوورە ئەنجام بدەن، بۆیە مەترسیی جیددی لەسەر مەخموور هەیە و ئەگەر چارەسەری دۆخەكە نەكرێت، زۆر خراپ دەبێت.
كرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دۆخی مەخموور لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر خراپە و لە ئێستادا زانیاریی ورد هەیە، كە لەو سنوورە نەك تەنها داعش، بەڵكوو رێكخراوی تیرۆرستیی قاعیدەش خۆیان رێك دەخەنەوە، بۆ ئەوەی كردەوەی تیرۆرستی لە سنووری مەخموور ئەنجام بدەن و دۆخەكە بە تەواوی تێك بدەن، بۆیە مەترسیی جیددی لەسەر ئەو ناوچانە هەیە.
عەبدوڵڵا گوتیشی، لە سنووری مەخموور نەك تەنها بۆشایی ئەمنی، بگرە بۆشایی سیاسی و عەقڵییش هەیە، چونكە تاوەكو ئەو هێزانە و دەسەڵاتی ناوچەكە بەو عەقڵییەتە كار بكەن، دۆخی مەخموور لەوە باشتر نابێت و زۆر خراپتریش دەبێت، بۆیە پێویستە گۆڕانكارییەك بكرێت و بەغدا بێتە سەر هێڵ و لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆخی ئەو ناوچانەوە بگەنە رێككەوتن.
ناوبراو ئاماژەشی دا، هەر كاتێك رێككەوتن كرا و دۆخەكە ئاسایی بووەوە و هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانەیان گرتە ئەستۆ، كردەوەی تیرۆرستی كەم دەبنەوە و دەتواندرێت دۆخەكە بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام ئەو هێزانەی ئێستا هەن، بێتوانان و ناتوانن پارێزگاری لە خەڵكی ناوچەكە بكەن.
بڵند ئیبراهیم




