فراكسیۆنەكان لهبارهی دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كۆدەنگن

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دیاری دەكات، ئەندامێكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش دەڵێ، كۆدەنگیی سەرجەم فراكسیۆنەكانی لەسەرە، راشیدەگەیەنێت، كە دەبێ لە بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، حكوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بكاتەوە.
سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان پەیوەستە بە دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كە لە ٢٠١٤ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆمەڵكوژ كران، خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ دەكرێ و گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەكانی دەكرێ.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەوان وەكو لیژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی كوردستان و دكتۆرە ڤالا وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی یاسایی، تاوتوێی تەواوی بڕگە و ماددەكانی پێشنیازی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانیان كردووە.
وەك سەوسەن میرخان باسی كرد، رۆژی ٣ی٨ وەك رۆژی ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دیاری دەكەن، بەو پێیەی هەر لەو رۆژەدا و ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هەستان بە كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان.
بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی پارتی، دیاریكردنی ئەو رۆژەش، مەبەست لێی ناساندنی ئەو كارەساتە مرۆییە گەورەیەیە، كە بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە و پیشانی وڵاتانی جیهانی بدەن، كە چ زوڵم و ستەمێك لە گەلی كورد دەكرێ و كراوە و كۆتایی نایەت.
سەوسەن دەشڵێ، لەو كۆمەڵكوژییەی بەرانبەر ئێزدییەكان كراوە، نزیكەی ٧ هەزار كەس بوونەتە قوربانیی دەستی تیرۆریستان، پێویستە ئەو یادە تاڵە بە زیندوویی بمێنێتەوە، هاوكات جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە دەبێ حكوومەتی عێراق لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبووی ئێزدییەكان بكاتەوە.
دووپاتیشی كردەوە، دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان وەك یاسا، سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆدەنگن لەسەری و نموونەیشی بەوە هێنایەوە، كە لە خوێندنەوەی یەكەمدا ٩٥%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.
خێڵان بەختیار




