هەرێمی كوردستان، عێراق و توركیا لەبارەی بەنداوەكانەوە گەیشتنە رێككەوتن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوێنێ لە شاری بەغدا كۆبوونەوەیەكی سێقوڵی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتی توركیا لەسەر بابەتی دروستكردنی بەنداو لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چووە و هەرسێ لایەن گەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئەكرەم مەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ لە شاری بەغدا كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئێمە و وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و نوێنەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ كاروباری ئاو و بەنداوەكان بەڕێوە چوو و، تێیدا باس لە دروستكردنی سێ بەنداو كرا بۆ هەرێمی كوردستان".
محەمەد ڕاشیگەیاند: "هەردوولا لە ڕووی هونەرییەوە ڕەزامەند بوونە كە ئەم بەنداوانە لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێن، ئەوەی ماوەتەوە لایەنی ئەمنییە، بۆ ئەمەش وەفدێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق دێنە هەرێمی كوردستان و رووپێوێكی شوێنەكە دەكەن لە ڕووی ئەمنییەوە، پاش ئەمەش ئەگەر هیچ گرفتێك نەبوو، ئەوا دەست بە دروستكردنی بەنداوەكان دەكەین".
هێدی كاكەیی




