تاقانەكهی ئەنفال: ئەفسەرەكە داوای لێبووردنی نەكرد.. پێیان بكرێت ئێمەش زیندەبەچاڵ دەكەن

كەلار-KDP.info- بەرەبەیانیی 30ـی تەمووزی 2019، شاندێكی كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان دوای بڕینی 854 كیلۆمەتر، گەیشتنە بیابانەكانی پارێزگای سهماوه بۆ بینینی ئێسكوپرووسكی دایك و خوشك و منداڵەكانیان، ئەفسەرێكی عەرەبیش هاوشێوەی ئەفسەرەكانی سەردەمی بەعس، بە تووڕەییەوە كەسوكاری ئەنفالكراونی ڕاگرت و پێی گوتن، ئاڵای كوردستان قەدەغەیە.
حەسەن عەلی فەرەج، تاقانەی ئەنفال، سەبارەت بە ڕێگریلێكردنی لەلایەن ئەفسەرێكی عەرەبەوە، كە پێی گوتبوون ئاڵای كوردستان داگرن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "ئێمە وەك شاندێكی كەسوكاری ئەنفالكراوان، 854 كیلۆمەتر ڕێمان بڕیبوو تا چاومان بە ئێسكوپرووسكی دایك و خوشك و خێزانەكانمان بكەوێت، بەڵام لەپڕ ئەفسەرێكی حكوومەتی عێراقی بە ئەقڵییەتی سەردەمی سەددام حوسێن گوتی، ڕاوەستن و ئاڵای كوردستان قەدەغەیە و لەسەر شانت دایبگرە و تەنها ئاڵای عێراق ڕێگەپێدراوە، سوپاس بۆ كەسوكاری شەهیدان لەگەڵم بوون و زۆر دڵسۆزانە پشتیوانییان كردم و گوتیان ئاڵای كوردستان، ئاڵایەكی دەستوورییە و لانابرێت".
عەلی فەرەج گوتیشی: "كاتێك ئەفسەرە عەرەبەكە بەو شێوەیە لەگەڵمان جووڵایەوە، ئەو ساتانەم هاتەوە بەرچاو كە چۆن دایك و خوشكەكەم ئهنفال دەكران، ئێستاش بە هەمان شێوە و ئەقڵیەت لەگەڵمان دەجووڵێنەوە، بە داخەوە ئەوان پێیان بكرێت ئێمەش زیندەبەچاڵ دەكەن، بۆیە تا خاوەنی دەوڵەت نەبین و چارەنووسمان بە عێراقەوە بەسترابێتەوە، رووبەڕووی ئەو سووكایەتییە دەبینەوە".

دەشڵێ: "ئەوەی شۆكهێنەر بوو لام، دوو ڕاوێژكاری سەرۆككۆمارمان لەگەڵ بوون، كەچی ئامادە نەبوون هیچ بڵێن، تەنها سالار مەحموود دەستی ئەفسەرەكەی گرت و دووری خستەوە، ئەوەش ڕاست نییە و ئەفسەرەكە داوای لێبووردنی نەكرد لێمان، تەنانەت بە منیشی گوت زۆر تووڕەت كردم".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "پاش ئەوەی بە دیداری ئێسكوپرووسكی كەسوكارمان شاد بووین و شیوەنی خۆمان كرد، ڕۆیشتینە لای پارێزگاری موسەننا، ئەو ڕێزی لێ گرتین و باسی لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ دۆزینەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كورد و هەڵدانەوەیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و گوتیشی، زیاتر لە 10 گۆڕی بەكۆمەڵ لەو سنوورە هەن".
عەزیز هەورامی




