٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنەكەسە: چارەنووسی چەندین سەركردەمان نادیارە

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان گوتی، هاوپەیمانان دەستپێشخەرییەكیان كرد، بۆ ئەوەی ئەنەكەسە و پەیەدە بگەنە رێككەوتن و كورد یەكڕیزی لە رۆژئاوای كوردستان دروست بكات، بەڵام پەیەدە ئامادە نەبووهیچ هەنگاوێك بنێت، بۆیە هیچ ئەنجامێكی نەبوو. ئاماژەشی دا، تا ئێستا پەیەدە لە دەستگیركردنی سەركردە و ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسە بەردەوامە و چارەنووسی چەندین سەركردە نادیارە.

نەواف حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "هاوپەیمانان دەستپێشخەرییەكیان كرد بۆ ئەوەی پەیەدە و ئەنەكەسە بگەنە رێككەوتن و یەكڕیزیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دروست ببێت، ئێمەش بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بكرێت، داوامان كرد پەیەدە هەندێك هەنگاو بنێت، كە رێگە بە گەڕانەوەی سەركردەكانی ئەكەنەسە بدات بچنەوە رۆژئاوای كوردستان و گیراوانمان ئازاد بكرێن و رێگە بە كردنەوەی بارەگاكانی ئێمە بدرێت، بەڵام پەیەدە بەو كارانە رازی نییە و لەسەر سیاسەتی چەوتی خۆیان بەردەوامن، هەر بۆیە ئەو دەستپێشخەرییە ئەنجامی نەبوو".

حەسەن گوتیشی: "دەستگیركردنی سەركردە و ئەندام ولایەنگرانی ئێمە لەلایەن پەیەدەوە لە دوای دەستپێشخەریی هاوپەیمانان زیاتر بووە و كەمتر نەبووەتەوە، بۆیە بەردەوام ژمارەی گیراوانمان گۆرانكاری بەسەردا دێت و ئێستا 15كەسی ئێمە لە زیندانی پەیەدەدان و ژمارەیەكی دیكەش چارەنووسیان دیار نییە، لەوانە فوئاد ئیبراهیم و جەمیل عومەر و ئەمیر حامد و چەند كەسی دیكە، كە پەیەدە دەستگیری كردوون و كەسوكارەكانیان و ئێمەش بەڵگەمان هەیە، كەچی ئێستا حاشای لێ دەكەن و دەڵێن ئەوان دەستگیریان نەكردوون و لای ئەوان نین".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەو سەركردانەی ئەوان، كە چارەنووسیان دیار نییە، یان لە ژێر ئەشكەنجە لە زیندانەكانی پەیەدەدا گیانیان لە دەست داوە، یاخود رادەستی رژێمی سووریا كراون، بۆیە دانوستان بەو شێوەیە لەگەڵ پەیەدەدا زۆر زەحمەتە، چونكە بە بێ پەكەكە ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار