٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ لە ئاستێكی باڵادا یادی 36 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ لە ژێر دروشمی لە جینۆسایدەوە بۆ ئارامی و ژیان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە هەماهەنگیی یەكە ئیدارییەكانی مێرگەسۆر، لە ئاستێكی باڵادا یادی 36 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان دەكاتەوە.

بەر لە 36 ساڵ و لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983، حكوومەتی بەعس لە كۆمەڵگە زۆرەملێكاندا هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كردن، ئەم مێژووە بە یەكێ له‌ پرۆسەی ئەنفالكردنی كورد دادەنرێت، كە نزیكەی 182 هەزار كەسی كورد لە باشووری كوردستان ئەنفال كران. كەسوكاری قوربانیانی كارەساتەكەش، داوای هێنانەوەی رووفاتی كەسوكاریان دەكەن لە بیابانەكانی عێراقەوە بۆ خاكی هەرێمی كوردستان، هەروەها داوای قەرەبووكردنەوە لە حكوومەتی عێراق دەكەن.

هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان، كۆنسووڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان، لایەنە سیاسییەكان، كەسوكاری شەهیدان و رێكخراوەكانی تایبەت بە ئەنفال و جینۆساید و بەركەوتەی چەكی كیمیایی، بەشداری یادەكە دەكەن.

عەیش حوسێن، كە هاوسەر و كوڕێكی و زیاتر لە 10 خزم و كەسی ئەنفال كراوان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بەداخەوە ئەم كارەساتەمان بەسەردا هات، چیرۆكێكی پڕ تراژیدییە، ئازارێكی زۆرمان بینی، كەس نەبوو بەخێومان بكات، ناچار بووین بۆ پەیداكردنی پارووەنانێك و بەخێوكردنی منداڵەكانمان، روو لە هەولێر و ناوچەكانی دیكە بكەین".

گوتیشی: "كاتێك هاوسەرەكەم دەستگیر كرا، بەرەبەیانییەكی زوو بوو، هاوسەرەكەم دەیویست وەكو خەڵكی دیكە بچنە سەر كار، بەڵام هێزەكانی ڕژێمی بەعس دەوروبەری كۆمەڵگەكەمانیان گرت و، هەرچی ڕەگەزی نێرینە هەبوو لە نێوان 10 بۆ 90 ساڵی، لەگەڵ خۆیان ڕاپێچیان كردن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گوازرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لەوێ ئەنفال كران، داواكارین لە حكوومەتی عێراق هەرچی زووە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەكانی كەسوكاری بارزانییەكان بكاتەوە".

قومریە رەسووڵ، ئافرەتێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای گرتنی كەسوكارەكانمان، ئێمەشیان ئازار دەدا و بە قۆنداغەتفەنگ لە ئێمەیان دەدا و تەقەیان لە ئێمە دەكرد و چەندین ئافرەت بریندار بوون، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ لە ناخۆشیدا دەژین، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر كاتێك دەبێتە ئەو رۆژە، وا هەست دەكەین، كە ئێستا كەسوكاری ئێمە ئەنفال كراون، هەموو پێنجشەممەیەك و ساڵیادی ڕۆژی دەستگیریكردنی بارزانییەكان، سەردانی گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان دەكەین و كەمێك لە خەمەكانمان دەڕەوێنینەوە، دواتریش بە چاوی پڕگریانەوە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە".

خەجیج ئەحمەد، ئافرەتێكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە: "دوای دەستگیركردنی كەسوكاری ئێمە، چەندین كێشە ڕووبەروومان بوونەوە، ڕۆژ لە دوای رۆژ ژیانمان ناخۆش دەبوو، حكوومەتی عێراق نەیدەهێشت كەس یارمەتیی ئێمە بدات، زیاتر لە هەشت ساڵ  ژیانمان بەو ناخۆشییە بەسەر برد، لەگەڵ ئەوەی خەڵكی هەولێر زۆر یارمەتیی ئێمەیان دا، ئێمەیان دەبردە ئیش و رۆژانە پارەی ئێمەیان دەدا، هەر بۆیە قەت چاكە و مەردایەتیی خەڵكی هەولێر لەبیر ناكەین و تا ماوین قەرزداری ئەوانین".

رێبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوونە و ئەمڕۆ كاتژمێر 4:30ی خولەكی ئێوارەی لە ژێر دروشمی لە جینۆسایدەوە بۆ ئارامی و ژیان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە هەماهەنگیی یەكە ئیدارییەكانی مێرگەسۆر، لەسەر ئاستێكی باڵا بیروەریی 36ـەمین ساڵیادی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەكان، لە گۆڕستانی بارزانییە جینۆسایدكراوەكان لە دەڤەری بارزان، بە دانانی تاجەگوڵینە و وتار خوێندنەوە و چەند چالاكییەكی هونەری، بەرزر رادەگرێت".

رەمەزان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ساڵی 2005 رووفاتی 503 كەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لە ساڵی 2014ـیش 93 رووفاتی دیكە لە رێگەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە هێنرانەوە بارزان، گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیكە بەردەوامە".

 

ڕابین شێروانی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار