پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

هەولێر-KDP.info- لە پەیامێکیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە لە رێی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کار بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران دەکەن، هاوکات لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵیشدا پێداگیری لەسەر قەرەبووکردنەوەیان دەکەن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت. جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدوادا هات.
دەڤەری بارزان لە سەدەی ڕابردوودا بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، کە دواترینیان هەڵمەتی جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی بووە، بەڵام ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆڕاگری و بەرگری و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات و، دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون.
گەلی خۆڕاگرمان و کەسوکاری ئەنفالەکان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن. وەک حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە دەستەبەری هەموو ماف و پێداویستیەکانی ئەم ئازیزانەمان بکریت و، خاڵێکی سەرەکیی دانوستانیشمان دەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدرال، وەک هەمیشە پێداگری دەبێت لە سەر قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و یادیان هەمیشە بە شکۆوە رادەگرین.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان




