ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی: پەكەكە لەسەر حەق نییە.. دەبێت سنوورێكی بۆ دابنرێت

سلێمانی-KDP.info– بە هۆی پەكەكەوە بەردەوام سوپای توركیا لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە ناوچە شاخاوی و گوندەكانی كوردستان بۆردوومان دەكات، كە لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماڵی بەر گوندنشینان دەكەوێت، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیش دەڵێ، پەكەكە بووەتە هۆكاری ئاوارەبوونی گوندنشینان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو ناگرێت.
محەمەد وەتمان، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاووڵاتیانی كوردستان زۆر زەرەرمەند بوون لە كێشەی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا، ئەو گوندانەی پاش ڕاپەڕین و رووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن ئاوەدان كرانەوە، ئێستا جارێكی تر بە هۆی پەكەكەوە خەڵكەكەی ئاوارە بوونەتەوە و ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە".
وەتمان گوتیشی: "پەكەكە دۆخی هەرێمی كوردستان لە بەرچاو ناگرێت و پێی وایە خۆی خاوەن حەقە و گوێ لە حكوومەت و هاووڵاتیانی كوردستان ناگرن، خەڵكی ئێمەش زۆر زەرەرمەند بوون، لە كاتێكدا پەكەكە لەسەر حەق نییە، چونكە حیزبێكی باكووری كوردستانە، نەك باشووری كوردستان".
ناوبراو دەشڵێ: "پەكەكە خۆیان بە میوان نازانن لە قەندیل و شارەوانییان داناوە و خۆیان بە لایەنی سێیەم دەدەنە قەڵەم، هەروەها گومرگ وەردەگرن و كێشە بۆ خەڵكی دروست دەكەن، ئێمەی حیزبەكانی باشوور كاتێك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووین و دژی ڕژێمی سەددام حوسێن دەجەنگاین، نە گومرگمان دانابوو و نە زیانمان بۆ كوردەكانی ڕۆژهەڵات هەبوو، تەنانەت پێشمەرگە نەدەڕۆیشتنە ماڵی هیچ گوندنشینێكیش بۆ نانخواردن بە بێ پرسی ئەنجوومەنی گوندەكە و حیزبی دیموكرات".
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی روونیشی كردەوە: "هاووڵاتیانی كوردستان تەحەمولی زۆریان كردووە بە دەست پەكەكەوە، بە داخەوە خەڵكی ئێمە لە بناری چیاكان ئاوارە دەبن و لە كەمپەكان دەژین، بۆیە دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەگەڵ پەكەكە بە جیددی قسە بكەن و سنوورێك بۆ پەكەكە دابنرێت، هەرچەندە پەكەكە گوێ ناگرێت و ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی حكوومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناكات".
عەزیز هەورامی




