حكوومەت سەرقاڵی دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرزی بچووكە بە هاووڵاتیان

هەولێر-KDP.info- دوای ساڵی 2014 و بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، سەرجەم پاڵپشتییە داراییەكان وەك پێشینەی هاوسەرگیری و كشتوكاڵ و خانووبەرە و پێدانی قەرزی بچووك ڕاگیران، بەڵام وەك بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی، بە میكانزمێكی نوێ دەست بە پێدانەوەی قەرزی بچووك بە هاووڵاتیان دەكرێتەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە ساڵی 2011 پێدانی قەرزی بچووك دەستی پێكرد، كە لە یەك ملیۆن دینارەوە تا 15 ملیۆن دینار بە هەر كەسێك دەدرا كە پڕۆژەیەكی هەبوو.
زیاتر لە 600 هاووڵاتی، كە مامەڵەكانیشیان تەواو بووە و فەرمانی وەزارییان هەیە، چاوەڕوانی دستپێكردنەوەی پێدانی قەرزەكانیان دەكەن.
ئێستا كە قەیران نەماوە و كابینەی نوێ پێكهاتووە، حكوومەت سەرقاڵی دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرزی بچووكە بە هاووڵاتیان.
فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پلانمان داناوە دەست بە پێدانی قەرزی بچووك بكەینەوە، بەڵام دوای چارەسەركردنی كێشەكانی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەبێت".
سدیق گوتیشی: "لەگەڵ وەزیری كار گفتوگۆمان كردووە بۆ جێبەجێكردنی پلانی نوێ، بۆ ئەوەش بڕیارە بە چەند میكانزمێك پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە".
ناوبراو سەبارەت بە میكانیزمە نوێیەكەش ئاماژەی دا: "پێشنیازی خۆمان ئامادە كردووە، قەرزەكە بەو كەسانە دەدرێت، كە مامەڵەیان پێشكەش كردووە و رەزامەندییشیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام وەكوو جاران نابێت یەكسەر پارەكەیان پێ بدرێت، بەڵكوو خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە و لە ژێر سەرپەرشتیی راهێنەری تایبەتدا دەبن ئینجا پارەكە وەردەگرن".
ماردین محەمەد




