شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: به‌رده‌وامبوونی ته‌عریب له کەرکووک گرفتێكی گه‌وره دەخاتە نێوان پێكهاته‌كانەوە

کەرکووک -KDP.info- ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووک گوتی، پرۆسه‌ی ته‌عریب له سنووری کەرکووک به‌رده‌وامه و ئەوان حكوومه‌تی عێراقیان ئاگادار كردووەته‌وه و حکوومەتی عێراق له‌و كاره به‌رپرسیارە و ئه‌گه‌ر ته‌عریب به‌رده‌وام بێت گرفتێكی گه‌وره له نێوان پێكهاته‌كاندا دەکەوێتەوە و یه‌كه‌مجاریش زیان به عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌نی شاره‌كه ده‌گات. ئاماژه‌یشی دا، ئه‌و كرده‌وانه‌ی له سنووری کەرکووک به ناوی داعشەوە دەکرێن هێزی میلیشیان له پشته‌وه‌یه.
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووک، شاخه‌وان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێویسته پرۆسه‌ی ته‌عریب ڕابگیرێت و حكوومه‌تی عێراق ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه هه‌ڵبگرێت و له به‌غداش قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كردووه، ئه‌گه‌ر ته‌عریب ڕانه‌گیرێت گرفتی گه‌وره دەکەوێتە نێوان پێكهاته‌كانەوە و پێش ئه‌وه‌ی زیان به‌كورد بگات زیان به عه‌ره‌بی ڕەسەن ده‌گات، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین ته‌عریب ڕابگیرێت."
شاخه‌وان عەبدوڵڵا گوتیشی: "هه‌ندێك له هێزەکانی عێراق له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی پارەدا عه‌ره‌ب هاورده ده‌كه‌ن و هاوكارییان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا عه‌ره‌ب ناتوانێ بچێته سنووری کەرکووک بۆ ته‌عریبكردن."
عەبدوڵڵا باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووک پێک هاتوون، پێویسته ئیدی گفتوگۆكان ته‌واو بکەن و دەست بە هه‌نگاوی كرداری بکەن، بۆ ئه‌وه‌ی چیی تر له‌و ناوچانه ته‌عریب نەکرێت."
شاخه‌وان عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئه‌و كرده‌وانه‌ی له سنووری کەرکووک ڕوو ده‌ده‌ن ته‌نیا کاری داعش نین و هه‌ندێك هێزی میلیشیا پشتگیری‌یان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه كاكه‌یییه‌كان و گونده‌كانی داوده و تاڵه‌بانیی سنووری داقووق چۆڵ بكرێن و كورد له‌و ناوچانه نه‌مینێت و به به‌رنامه ئه‌و كاره ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عریب له‌و ناوچانه‌ش بکرێت."
بڵند ئیبراهیم




