٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەیاد حەسەن: جووڵەی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانیی دهۆك گوتی، جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دهۆك بە شێوەیەكی باش زیادی كردووە و بڕیارە حكوومەتی هەرێمیش بودجە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە هەموو كەرتەكان تەرخان بكات، وەكو كەرتی پەروەردە و تەندروستی و ئەنجامدانی پڕۆژە لە بواری وەبەرهێناندا.

ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوای كردنەوەی رێگاكانی بازرگانی لە نێوان هەرێم و بەغدا، لە ئێستادا جموجۆڵی بازرگانی رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە و هیچ بەربەستێكیش لە بەردەم بازرگاناندا نەماوە، بەڵام لە پارێزگای مووسڵ حكوومەتی عێراق وەكو پێویست هاوكاریی خەڵكی شارەكەی نەكردووە لە ڕووی جێبەجێكردنی پڕۆژە لە پارێزگاكەدا، بۆیە تا ئێستا بازرگاكانیش نەیانتوانیوە وەكو پێویست لەو شارە كار بكەن، بەڵام لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو جموجۆڵی بازرگانی زۆر زیادی كردووە.

حەسەن گوتیشی، چەندین هۆكار بوونەتە هۆی ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان زیاد ببێت، لەوانە باشبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی سیاسی و ئەمنی و بوونی پەیوەندیی باشی نێوان ژووری بازرگانیی نێوان هەرێم و بەغدا و هاندانی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، كە بەردەوام ڕوو لە هەرێم دەكەن.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجە بۆ هەموو كەرتەكان دابین بكات، لەوانە كەرتی تەندروستی و پەروەردە و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و وەبەرهێنان، ئەمەش وا دەكات جووڵەی زیاتر بكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار