٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومه‌ت گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای نوێ كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیران گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كردەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێ: "داوامان كردووە ئەو مامۆستایانە بكرێنە ھەمیشەیی و لە ھەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین، چونكە ماوەی شەش ساڵە گرێبەستن و پێویستە بكرێنە ھەمیشەیی.

بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دراوە، كە لە ٢٢/٧/٢٠١٩ تاوەكو ٣٠/٩/٢٠٢٠ گرێبەسەتەكەیان نوێ كراوەتەوە و بەردەوام دەبێت.

لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە لەسەر داوای یەكێتیی مامۆستایان و گرێبەستەكان، داوایەكی لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی و ھەوڵی بەردەوامیش دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی، بەڵام لە ئێستادا گرێبەستەكەیان بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كراوەتەوە".

گەرمیانی گوتیشی: "داواكارین لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی، كە ماوەی شەش ساڵە ئەو مامۆستایانە گرێبەستن، بكرێنە ھەمیشەیی، چونكە ئەو مامۆستایانە لە ھەموو بارودۆخێكدا لە كاری خۆیان بەردەوام بوونە و ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بكرێنە ھەمیشەیی".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار