حكوومەت رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی بودجە بۆ قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەربڕی

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تەكنەلۆژیای زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رەزامەندیی داوە بۆ دابینكردنی بودجە بۆ قۆناغی دووەمی بایۆمەتری و بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی حكوومەتدا فەرمانی دەستبەكاربوونمان دەربكرێت و كارەكانمان ئەنجام دەدەین.
ھیوا ئەفەندی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە بە ھەماھەنگی لەگەڵ تەكنەلۆژیای زانیاری و یارمەتیی ھاوپەیمانان، بكرێتە ئەلیكترۆنی و جگە لەوەش بڕیارە لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریدا سەرجەم ژمێریاریی وەزارەتەكان بكرێنە ئەلیكترۆنی، بەڵام ھێزی پێشمەرگەش ھاوشێوەی وەزارەتەكان لە رێگەی بانكەوە مووچە وەردەگرن".
ئەفەندی گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی بودجە بۆ قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەربڕیوە و رێكارەكانیشی تەواو بووە، بۆیە پێویستە لە كۆبوونەوەیەكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بڕیاری دەستبەكاربوونمان دەربكرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریدا زۆر ھەنگاوی باشی خزمەتگوزاری دەنرێن، لەوانە بەئەلیكترۆنیكردنی میلاكات و ژمێریاریی وەزارەتەكان و گواستنەوەی راژە و زۆر كاری دیكەش، كە خزمەت بە هەموو لایەك دەگەیەنێت.
بڵند ئیبراھیم




