٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوا دەکرێت عێراق پەیماننامەی ڕۆما واژوو بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info - لە ساڵیادی ٢١ ساڵەی دامەزراندنی دادگای لاهایدا لە ڕۆما تۆڕی هاوپەیمانیی ڕێکخراوە کوردستانییەکان، کە لە ٣٥٠ ڕێکخراو پێک هاتووە، لە گردبونەوەیەکدا داوایان کرد عێراق ببێتە ئەندام لە دادگاکەدا.

ئەیاد کاکەیی، ئەندامی هاوپەیمانیی ڕێکحراوە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک هاوپەیمانیی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە ساڵیادی دادگای لاهای لە ڕۆما، گردبوونەوەیەکمان لە هەولێر بەڕێوە برد و داوا دەکەین عێراق واژوو لەسەر پەیماننامەی ڕۆما بکات و ببێتە ئەندام لەو دادگایەدا."

ئەیاد کاکەیی گوتی: "بۆ ئەوەی گەلی کورد جینۆسایدی هاوشێوەی ئەنفال هەڵەبجە و بارزانییەکان و ئەنفال و جینۆسایدی ئێزدییەکانی بەسەردا نەیەتەوە، دەبێ عێراق لە ژێرچاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت، داوا دەکەین عێراق ببێتە ئەندام لەو دادگایەدا."

کاکەیی گوتی: "داوا لە ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین فشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی واژوو لەسەر پەیماننامەکە بکات و سستی نەکات لە بوونی بە ئەندام لەو دادگایەدا."

فواد تەها، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لەو پرسانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئینتیمانەکردنی عێراقە بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان و واژوونەکرنی ڕێککەوتننامەی بنەڕەتیی ڕۆما. داوا دەکەین عێراق ڕێککەوتننامەکە واژوو بکات و بێتە ئەندام لە دادگای تاوانەکاندا و، ئەو کەسانەی تاوانیان بەرانبەر بە گەلەکەمان کردووە بە سزای خۆیان بگەن و تەواوی تاوانەکان دەرحەق بە گەلەکەمان بە جینۆساید بناسرێن".


عەزیز هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار