ئاژگەیی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتیی ئەورووپادا باسی ھەرێمی كوردستان دەكرێت

یەكێتیی ئەورووپا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی ئەورووپا كۆبوونەوەیەك ساز بكات و تێیدا باسی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا دەكرێت.
دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بكەن.
ئاژگەیی گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا باسی عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەكرێت، لەوانە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا كە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن و جگە لەوەش باس لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.
دەشڵێ، كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ بە بەشداریی ئەندامانی یەكێتیی ئەورووپا لە برۆكسل بەڕێوە دەچێت، كە تێیدا باسی رەوشی چەند وڵاتێك دەكرێت، لەوانە رەوشی سوودان، ڤەنزوێللا، عێراق و ھەرێمی كوردستان.
بڵند ئیبراھیم




