٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە رۆژی دووشەممە یاداشتنامەیەك لە نێوان شارەوانیی پاریس و پارێزگای هەولێر واژۆ بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، دوای سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا، لەم هەفتەیەدا یاداشتنامەیەك لە نێوان شارەوانیی پاریس و پارێزگای هەولێر واژۆ دەكرێت.

د. عەلی دۆڵەمەڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) و خاتوو (ئان هیدالگۆ) سەرۆكی شارەوانیی فەڕەنسا بەیەكەوە كۆبوونەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە، كە دەكاتە 15ی ئەم مانگە، یاداشتنامەیەك لە بارەگای سەرەكیی شارەوانیی پاریس لە نێوان شارەوانیی پاریس و پارێزگای هەولێر واژۆ بكرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا وەكو دوو پایتەخت هاوكاریی یەكتری بكەن‌‌."

دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند: "واژۆكردنی ئەم یاداشتنامەیە، گرنگیی خۆی هەیە، بەوەی هەردوولا هاوكاریی یەكتری دەكەن لەزۆر رووەوە، لەوانە كاروباری شار، هۆیەكانی گواستنەوە، پارك و شوێنە گشتییەكان، زبڵ و خاشاك و زێراب و ئاو و ئاوەڕۆ، كە زیاتر بوارەكانی شارەوانی دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو و ژینگەپارێزی دەخرێتە بەرنامەوە، كە زۆر گرنگە و لەلایەن فەڕەنساوە كاری لەسەر دەكرێت."

دەشڵێ: "لە فەڕەنسا سەرۆكی شارەوانیی پاریس دەسەڵاتێكی زۆر بەرزی هەیە، بۆیە هاوكاریی هەردوولا گرنگە ". 

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 11/7/2019 لە شارەوانیی پاریس، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خاتوو ئان هیدالگۆ، سەرۆكی شارەوانیی فەڕەنسا كۆبووەوە، پێشتریش سەرۆكی شارەوانیی پاریس دوو جاری تر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، یەكەمیان لە ساڵی 2015 و جاری دووەمیش لە مانگی چواری ئەمساڵدا بوو.

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار