بە ھۆی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیاوە گوندێكی دیكەش چۆڵ كرا

سیدەكان-KDP.info- شەوی رابردوو، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، لە سنووری دەڤەری برادۆستی ناحیەی سیدەكان، دانیشتووانی گوندی مێرگەڕەش گوندەكەیان چۆڵ كرد و ئاوارە بوون، موختارێكی دەڤەرەكەش دەڵێ، ڕۆژ بە ڕۆژ شەڕ و پێكدادانەكان لە گوند و ئاواییەكان نزیك دەبنەوە و ئەمەش مەترسییەكی زۆری دروست كردووە.
لەو بارەیەوە، جەلال عوزێر، موختاری گوندی خەلیفان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابردوو بە ھۆی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیاوە، ھاووڵاتیانی گوندی مێرگەڕەش ئاوارە بوون و سوپای توركیا بە ھەلیكۆپتەر گوندی ئالەكا و مێرگەڕەش و خەلیفانی بۆردوومان كرد، كە ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای ھاووڵاتیان دروست كردووە".
موختاری خەلیفان ئەوەشی روون كردەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا گوندی سیرانیش چۆڵ كراوە، بۆیە ھاووڵاتیان لە خراپترین دۆخدان و بە ناچاری ژیانی خۆیان لە نێو ئاگر و ئاسندا بەسەر دەبەن.
سیروان سابیر




