٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوێستان محەممەد: حكوومەت كار بۆ باشتركردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بە هاوكاریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كار بۆ باشتركردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و جێبەجێكردنی یاساكەیان دەكەن.

كوێستان محەممەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزارەتێكی بەرفراوانە و پێوەندی بە سەرجەم چینوتوێژەكانی كۆمەڵگاوە هەیە، بە تایبەت چینی هەژار و لێقەوماو و ئەو چینەی پێویستییان بە هاوكاری هەیە، ئێمە یەكەم هەنگاوی كارمان گەڕانەوەی مووچەیە بۆ ئەو كەمئەندامانەی كە لیژنەی پزیشكی فایلەكانی بینیون، زوڵم لە كۆمەڵێك كەمئەندام كراوە و بە ناحەق موچەكانیان بڕاوە، بۆیە لە سەرەتادا هەوڵ دەدەین بە هاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، مافەكان بۆ ئەوانە بگەڕێنینەوە".

كوێستان محەممەد گوتیشی: "هەوڵدەدەین یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كە ماددە و بڕگەی زۆر گرنگی تێدایە و پەرلەمان پەسەندی كردووە، بەڵام نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، بیبەینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و تەواوی ئەو ماددە و بڕگانەی لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانن، جێبەجێ بكرێن، بەڕێز سەرۆكی حكوومەت وەك لە كارنامەكەیدا هاتووە، بەڵێنی دا، ژیانێكی شایستە بۆ ئەو توێژە دابین بكرێت و گرنگی تابەت بە كاروباری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەدەن".

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەشی دا: "لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی، سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی خێزان ئەو هاوكارییەیان بڕاوە كە مانگانە بڕی (150) هەزاریان وەردەگرت، بۆیە ئێمە داوای گەڕانەوەی مووچەكانیان دەكەن، بەپێی زانیارییەكانیشمان لە وەزیری كار و كاروباری پێشوو چاكسازی لە لیستی تۆڕی چاودێریی خێزان كراوە، گلەیی هەبوو لەسەر لیستەكە، هیوامان وایە لەگەڵ دەستبەكاربوونمان لە وەزارەت، لیستی تۆڕی چاودێریی خێزان ئامادە بێت و پاكسازیی تێدا كرابێت و بیخەینە بەردەم سەرۆكوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران و هەوڵ بدەین یارمەتیی مانگانەكانیان بۆ ببڕینەوە".

 

عەزیز هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار