عارف روشدی: بڕیارە بەم زووانە كورد پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە

كەركووك-KDP.info- راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای دەستنیشانكردنی كاندید بۆ پارێزگاری كەركووك، لیژنەیەك لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست كراوە و بڕیارە بە زووترین كات دەست بە كۆبوونەوە بكات لەگەڵ پێكھاتەكان و حكوومەتی عێراقدا، بۆ ئەوەی كورد پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە.
عارف روشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك گەیشتنە رێككەوتن، لیژنەیەك لە پارتی و یەكێتی دروست كراوە، كە بە زووترین كات دەست بە گفتوگۆكردن دەكات لەگەڵ بەغدا و پێكھاتەكانی كەركووك بۆ ئەوەی وەكو ھەنگاوی یەكەم پۆستی پارێزگار وەربگرینەوە".
روشدی گوتیشی: "ئەو خۆپیشاندانەی دوێنێ ھەینی بەشێك لە عەرەبەكانی كەركووك ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی پارێزگاری ئێستا لە كارەكەی بەردەوام بێت، نوێنەرایەتیی عەرەب ناكەن و بەشێك لە عەرەبەكانن، بۆیە كاریگەرییان لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری نوێ نابێت، چونكە ئێمە لە رێگەی گفتوگۆوە ئەو پرسە یەكلا دەكەینەوە".
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێ: "ئێمە داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە، كە پێویستە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەت كەركووك، ئاسایی بكرێتەوە و سەرجەم كێشەكانی چارەسەر بكرێن، كێشەكانیش تەنھا بە پارێزگار چارەسەر نابن، چونكە پارێزگار ١%ی كێشەكانە و كۆمەڵێك كێشەی دیكە ھەن، وەكو ئەمنی و بوونی چەندین ھێز لە كەركووك و پرسی بودجەی كەركووك و پێكھاتەكان، بۆیە پێویستە سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ھیچ كەسێك ناتوانێ حوكم لە كەركووك بكات، بۆیە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن تاوەكو دۆخی شارەكە بە تەواوی ئاسایی دەكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




