ئێران دوێنێ سیدەكان و ئەمڕۆش حاجی ئۆمەرانی تۆپباران كرد

چۆمان-KDP.info- تۆپخانەكانی ئێران، دوێنێ سیدەكان و ئەمڕۆش سنووری حاجی ئۆمەرانیان تۆپباران كرد، تۆپبارانەكەش زیانی زۆری بە گوند و ئاواییەكان گەیاندووە و رەز و باخی هاووڵاتیان و پوش و پاوانی گوندەكان سووتاوە و ترس و دڵەڕاوكێش لای گوندنشینان دروست بووە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ سیدەكانی تۆپباران كرد و بەو هۆیەوە ئافرەتێكی تەمەن 18 ساڵ شەهید بوو و دوو هاووڵاتیی دیكەش بریندار بوون، جگە لەوەش، چەند گوندێك لەو سنوورە چۆڵ كراون و پوش و پاوانی گوندەكانیش هەمووی سووتاوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچكەی چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەیانی تۆپخانەكانی ئێران سنووری حاجی ئۆمەرانی تۆپباران كرد، تۆپبارانەكەش زیانی گیانی بە دواوە نەبووە، بەڵام رەز و باخی هاووڵاتیان زیانێكی زۆری بەركەوتووە و پوش و پاوانی گوندەكانیش سووتاوە".
قادر گوتیشی، تا ئێستا هیچ گوندێك لە سنووری حاجی ئۆمەران چۆڵ نەكراوە، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێ لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست بووە.
ڕابین شێروانی




