"لە دھۆک ٢٥ ھەزار خانووی زێدەڕۆ تاپۆ دەکرێن"

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارێزگای دھۆک ئاشکرای کرد، دوای پەسەندکردنی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، یەکسەر ٢٥ ھەزار خانوو کە پێشتر بە زیدەڕۆ دروست کراون لە سنووری پارێزگای دھۆک تاپۆ دەکرێن.
ئەندازیار، دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانی ڕابردوو ھەزاران خانوو لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی زیدەڕۆ دروست کراون و کێشەیان بۆ حکوومەت و خاوەنەکانیشیان پەیدا کردووە، بەڵام ڕۆژانی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسایەکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کرد. بڕیارە پڕۆژە یاساکە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک گوتی: "ئێمە وەک شارەوانییەکان ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارێک لە بەرژەوەندیی گشتی و ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا بێت، چونکە خانووی زێدەڕۆ لە زۆر ڕووەوە کێشەی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە."
ئەندازیار دیار بەحری ڕوونی کردەوە: "ھەرکاتێک یاسای تایبەت بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوە لە شارەوانییەکانی دھۆک دەست بە پڕۆسەی تاپۆکردن دەکەین و ٢٥ ھەزار خانووی زیدەڕۆ لە دھۆک لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن، چونکە خانوویەکی زۆر دروست کراوە و خاوەنەکانیان لە یاساکە سوودمەند دەبن."
قائید میرۆ




