٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرجەم ڕێگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێنە دووساید و ڕێگا کۆنەکانیش نۆژەن دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگاوبان گوتی، بەھۆی قەیرانی دارایییەوە زۆرێک لە ڕێگاکانی ھەرێمی کوردستان تێک چوونە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ڕێگای نوێ ھەیە، بۆیە ئێستا وەکو ھەنگاوی یەکەم ڕێگاکان نۆژەن دەکرێنەوە و دوواتریش ڕێگاکانی دەرەوە ھەموویان دەکرێنە دووساید و  ئێستا لە چەند شوێنک دەستی پێ کردووە، لەوانە ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر و ڕێگای کۆیە و چەند شوێنێکی دیکەش.

 

سدقی ئامێدی، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگاوبان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەھۆی قەیرانی داریییەوە زۆرێک لە ڕێگاکانی ھەرێمی کوردستان تێک چوونە و ماوەی چەندین ساڵیشە نۆژەن نەکراونەتەوە و ئێستا ئەنجومەنی وەزیران ناوە ناوە ڕەزامەندی لەسەر ھەندێک پڕۆژە دەدات و پارەی بۆ تەرخان دەکات، بۆ ئەوەی وەکو قۆناغی یەکەم نۆژەن بکرێنەوە و دوواتریش ھەموو ڕێگاکانی دەرەوە دەکرێنە دووساید."

 

سدقی ئامێدی گوتیشی: "ئێستا کاری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگای دووساید لە چەند ناوچەیەک دەستی پێ کردووە، لەوانە ڕێگای کۆیە و ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر، بۆیە ئێمە کۆمەڵێک پڕۆژەمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانە کردووە و ناو ناوە ڕەزامەندی لەسەر بەشێک دەدرێت و ئێمەش دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین."

 

ئامێدی باسی لەوەش کرد: "ئێمە بەردەوام دەبین لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان و دروستکردنی ڕێگای نوێی دووساید بۆ ھەر ناوچەیەک لە دەرەوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان کە پێویستی پێی ھەبێت، بەڵام سەرەتا پێویستمان بە ڕێگای بەدیل ھەیە، بۆ ئەوەی دەست بە ڕێگای نوێ بکەین، بۆیە ڕێگا کۆنەکان نۆژەن دەکەینەوە و دوواتر ڕێگای نوێ دروست دەکەین."

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار