ئێران بە چڕی سنووری شارۆچكەی سیدەكان تۆپباران دەكات

سیدەكان.KDP-info- كەمێك پێش ئێستا، كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە چڕی نزیك سەنتەری دەڤەری برادۆستی سنووری شارۆچكەی سیدەكانی تۆپباران كرد، قایمقامی قەزای سۆرانیش دەڵێ، تۆپبارانەكە بەردەوامە و تا ئێستاش زیانەكان نەزانراون.
كرمانج عیززەت، قایمقامی قەزای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نیو سەعات لەمەوبەر ھێزەكانی ئێران لە دۆڵ مەیدانی دیوی ئێرانەوە بە تۆپی دوورھاوێژ دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان كردووە، كە ئەو شوێنانەشدەكەونە بناری چیایی ھەڵگورد".
عیززەت گوتیشی، ھەریەك لە گوندەكانی تەڵان و بەربزین و دێرێ و بیرتێ و دووستانا سەقەر، لەلایەن تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كراونەتە ئامانج.
ناوبراو دەشڵێت: "تۆپبارانەكە بەردەوامە و ئەو شوێنانەش كە تۆپباران دەكرێن، شوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیانن، بەڵام تا ئێستا زیانەكان نەزانراون".
سیروان سابیر




