كوردستانیان بە ئومێدەوە لە كارنامهی کابینەی نوێی حكوومەت دەڕوانن

هەولێر-KDP.info- كوردستانیان چاویان لە كابینەی نوێیە، كە هەنگاوی گەورە لە بواری چاكسازی و شەفافیەتی داهات و بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز بنێت، ئەوان دەشڵێن، گەشبینن بەوەی چوار ساڵی دابێ، چوار ساڵی باشتركردنی بژێویی ھاووڵاتیان بێت و داھاتووی ھەرێمی كوردستان سەقامگیرتر و بەهێز بێت.
ئەمڕۆ 10ی تەمووزی 2019، پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی دا.
بۆ ئەم مەبەستە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕا و بۆچوونی هاوڵاتیان وەردەگرێت سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ھۆشیار خالید، مامۆستا لە قوتابخانەی كانیقڕژاڵەی شاری ھەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، كە كەشوھەوای پێكھێنانی حكوومەت تا ڕادەیەك ئەرێنییە، زۆربەی لایەنەكان بە ئاوڕدانەوە لە چوار ساڵی ڕابردوو، دەتوانن خزمەت بكەن و ھەڵەكانیان دووبارە نەكەنەوە، گەشبینیی خۆشی بەو لایەنە خەمخۆرەی چوار ساڵی ڕابردوو راگەیاند و پێشی وایە، بەرەنگاری كێشە ناوخۆیی و داراییەكان بووەتەوە لە ڕابردوودا.
كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، لە هەریەكە لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و حزبی سۆشیالیست و توركمانەكان و مەسیحییەكان پێك هێنرا.
ئەزوەر زراری، پێشمەرگەی لیوای ٢ی زێرەڤانی، زۆر گەشبینە بە كابینەكهی مەسروور بارزانی، چونكە بە بڕوای ئەو پێشمەرگەیە، ئەزموونی ڕابردووی مەسروور بارزانی ئەو ڕاستییە دەردەخات لە ڕابردوودا چەند ماندوونەناسانە تێكۆشاوە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایشی كوردستان، بە تایبەتی جەنابیان ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بووە.
زراری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە سۆنگەی گەشبینیم بۆ جەنابیان، پێویستە لە ھەموو كایەكانی حكوومەت گۆڕانكاریی تەواو بكات، ناوبراو پێی باشە، دەست بكات بە چاكسازیی بنەڕەتی و بنبڕكردنی ئەو ڕۆتیناتەی لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا هەیە، كە بووەتە هۆی هەراسانكردنی خەڵك لە جێبەجێكردنی مامەڵەی ڕۆژانەیان.
وەك پێشمەرگەیەكیش داوا دەكات، جەنابیان بە جیددی كار لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بكات.
گەنجێكی دانیشتووی شاری ڕانیەش، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بە پێكهێنانی حكوومەت، بە تایبەت رێككەوتنی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، چونكە پێی وایە، دەتوانن چاودێریی یەكدی بكەن و لایەنەكانی دیكەش ببنە ئۆپۆزیسیۆن پێی شتێكی باشە.
بەھجەت عەلی، دانیشتووی شاری ڕانیە، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند، پێم وایە ئەم كابینەیە كابینەیەكی سەركەوتوو دەبێت، هەروەها دڵخۆشم بە سەرۆكوەزیرانی نوێی هەرێم و باوەڕیشی وایە، دەبێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاوەدانی بۆ كوردستان.
ناوبراو، ڕاشیدەگەیەنێت، داواكارم كە سەرۆكوەزیران گرینگی بە سەرجەم كەرتەكان بدات، بە تایبەت ئەوانەی لە كابینەكانی ڕابردوودا گرینگییان پێ نەدرابوو، هەروەها گرینگی بە ھەموو ئەو بوارانە بدات كە خزمەت بە توێژی گەنجان دەكات، ھیواداریشە پشتگیر و ھاوكاری گەنجان بێت.
هەڵكەوت محەمەد




