گۆڕان: پارتی نیازی چاكسازیی ههیه و ئێمهش بهشداریی كابینهمان كرد

ههولێر-KDP.info- ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، کاتێ زانییان پارتی نیازی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەیە، لە کابینەی نوێدا بەشداریمان کرد.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "لە دوای هەڵبژاردنەوە سەرنجمان لەسەر ئەوە بووە کە پارتی حکوومەت پێک دێنێت، درێژەپێدەری کابینەکانی پێشوو دەبێت، یان دەیانەوێ ئەو هەموو قەیران و گەندەڵییانەی هەن چارەیان بکەن، دواتریش لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی پارتی بۆمان دەرکەوت، کە ئەوانیش دەیانەوێت چاکسازی بکەن و کار بۆ بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگا حکوومییەکان بکەن، بۆیە بڕیارمان داوە بەشداری لە کابینەی نۆیەمدا بکەین."
ناوبراو جەتیشی لەوە کردەوە، کە پێکەوە دەتوانن چارەی دۆخەکە بکەن، بەو پێیەی لە لایەک ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتیدا هەیە، کە کار بۆ بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگا حکوومییەکان بکەن و دەستی حزب لە حکوومەت دوور بخرێتەوە و چاکسازی بکرێت، لە لایەکی دیکەشەوە بواری تێپەڕاندنی دۆخەکە هەیە و، گوتیشی: "ئەرکی زۆرینەش دەکەوێتە ئەستۆی پارتی، لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بە دەست ئەوانە، مەرجیش نییە، لە چوار ساڵی ئایندەدا سەرجەمی کێشە و کەموکووڕییەکان چارە بکرێن و حکوومەتێکی عەیارە ٢٤ بێت، بەڵام دەتوانرێت سێ بەشی چارە بکرێت".
ئەوەی بە لای نزار مەحموودەوە گرینگ بوو، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە، کە بکرێنە سوپایەکی نیشتمانیی بێلایەن، هاوکات کارکردن بۆ سەربەخۆبوونی دادگاش کە دوو جومگەی سەرەکین، هەربۆیەشە پێی وایە، گەر ئەو دوو بابەتە سەرەکییە چارە بکرێن، ئەوانی دیکە بەئاسانی چارە دەکرێن.
خێڵان یەختیار




