فراکسیۆنی پارتی کار بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان دەکات

دهۆک-KDP.info- نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی یاساییی پەرلەمان کۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی فراکسیۆنی پارتی کە دەستنیشانکردنی ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدیانە، بخرێتەوە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لەگەڵ چەند خاڵێکی تر ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو.
هەر لەوبارەیەشەوە، هەدیە موراد، لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ڕۆژی ١٦ی ٥ـدا فراکسیۆنەکەمان پرۆژەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی ڕادەستی پەرلەمانی کوردستان کردبوو و بڕیارە لیژنەی یاسایی بۆ ڕۆژی پێنجشەممە بیخاتە بەرنامەی کارەوە."
گوتیشی: ''بڕیارە هەر لەو ڕۆژەدا خوێندنی یەکەمی بۆ بکرێت و و تا ڕۆژی ٣ــی ئابی ئەمساڵ ئەو پرۆژەیە دەنگی لەسەر بدرێت و تەواو بێت."
کــاروان بــاعەدری




