دوای پێكھێنانی كابینەی نوێ لیژنەیەك له نێوان ھەرێم و بەغدا پێك دێت

بەغدا-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لیژنەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ھەرێم و بەغدا پێك دێت و دەشڵێ، پێشتر پڕۆسەی حوكمڕانیی عێراق بە لاڕێدا چووە و پێویستە بگەڕێتەوە رەوشی ئاسایی خۆی.
شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشڤەچوونێكی زۆر رووی داوە لە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش، لیژنەیەكی تایبەت پێك دێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان ھەردوو حكوومەت".
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دەڵێت: "چەندین كێشە وڵاتی عێراقی گرتووەتەوە، لەوانەش كێشەی ئاڵۆزیی رەوشی ئەمنی و دابەشكردنی سەروەتی عێراق، ئەو كێشانەی عێراقیش پێویستیان بە خەڵكی تایبەتمەند ھەیە بۆ چارەسەركردن".
شوان محەمەد تەھا گوتیشی: "ھەندێ بابەتی ئیداری و ماڵی ھەن دەبێت لیژنەی پسپۆڕیان بۆ دروست بكرێت، راستە كێشەكان لە بنەڕەتدا سیاسین، بەڵام رێككەوتنیان پێویستە، چونكه پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە ئاقارێكی ناتەندروستدا تێپەڕیبوو، خرووقاتی دەستووری ھەبوو و دەستوەردانی دەرەكی و پێكانی سیاسی ھەبووە، بۆیە كۆمەڵێك ھۆكار ھەن رەوشی دارایی و سیاسیی عێراقیان پەك خستووە".
قائید میرۆ




