نووری حەمەعەلی: پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بارەگاكانی پێشووی لە كەركووك
__2019_07_08_h16m36s50__ER.jpg)
كەركووك -KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، دوێنێ فەرماندەی لەشكری عێراق لە كەركووك سەردانی ھێزی پێشمەرگەی لە پردێ كرد و دەشڵێ، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لە كەركووك.
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ شاندێكی سەربازیی عێراق لە كەركووك بە سەرۆكایەتیی لیوا ڕوكن سەعد حەرب، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، سەردانی میحوەری پێشمەرگەی كرد و لەبارەی ڕەوشی ناوچەكەوە كۆ بووینەوە، دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەریش ئەمە بۆ جاری یەكەمە فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی عێراق لەو سنوورە لەگەڵ پێشمەرگەدا كۆ دەبێتەوە".
فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوا و باشووری كەركووك گوتیشی: "باسی زۆر شتمان كرد و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی باڵای دانوستانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغداین، لێكتێگەیشتن ھەیە لە نێوان ھەردوولا بۆ چارەكردنی كێشەكان بە یەكجاری، ئەگەر حكوومەتی نوێی ھەرێمیش دەستبەكار بێت، ئەوا دەگەینە ئەنجامێك لەگەڵ بەغدا".
نووری حەمەعەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، واتە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بارەگاكانی پێشووی خۆی لە كەركووك".
لەبارەی كاتی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەوە بۆ كەركووك، حەمەعەلی دەڵێت: "دانوستانی ورد بەڕێوە دەچێت و پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ناتوانم ڕۆژ و كاتی گەڕانەوە دیاری بكەم".
قائید میرۆ




