كاكەیی: ڕاپۆرتێك لەبارەی تەعریب و پێشێلكارییەكانی سنووری ماددهی 140 ئامادە دەكهین

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەڵێ، ئەمڕۆ سەردانی سنووری شاری كەركووك دەكەن و دوای تەواوبوونی كارەكانیان، ڕاپۆرتێك لەبارەی پێشێلكاری و تەعریب لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادە دەكەن و پێشكەش بە بەغدا و كۆنسووڵی وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكانی دەكەن.
لیزا فەلەكەددین كاكەیی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەكەمان سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە قەرەهەنجیری سنووری شاری كەركووك دەكات و لە رۆژانی داهاتووشدا بڕیارە سەردانی مەخموور و شنگالیش بكەین بە مەبەستی وەرگرتنی داتا و ئامار و زانیاری لەبارەی تەعریب و پێشێلكاری و ڕووخاندن و داگیركردنی خانووی كوردان و ئەو رووداوانەی بەم دواییە لەو سنوورانە روویان داوە".
وەك كاكەیی گوتی: "دوای تەواوكردنی سەردانەكەمان و كۆكردنەوەی داتا و زانیارییەكان لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی پێشكەش بە ئێمە كراون و هەورەها ئەو بەدواداچوونانەی خۆمان كردوومانە، ڕاپۆرتێكی چڕوپڕ ئامادە دەكەین و دەیدەین بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و هەروەها ڕەوانەی دەكەین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەشڵێت: "بڕیارە ڕاپۆرتەكە بدەین بە كۆنسووڵخانەكان و نەتەوەیەكگرتووەكانیش، بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت و هەموو لایەك ئاگادار بن".
نەشوان بەرزنجی




