٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ سووریا كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری تایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا، لە دیدارێكدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند كە فەڕەنسا لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

مەسروور بارزانی، راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/7/2019 پێشوازی لە فرانسوا سینیمو، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ سووریا و شاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا، كە كۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادە بوو، دواپەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و كوردستان تاووتوێ كران.

مەسروور بارزانی، پشتیوانی و یارمەتییەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵواسراوەكان.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پەرەسەندنی رەوشی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت كرایەوە، كە پێویستە لە هەر چارەسەرێكدا گەرەنتیی مافی هەموو پێكهاتەكان بكرێت و تەواوی هێزە نیشتمانییەكان لە داڕشتنەوەی ئایندەی وڵاتەكەدا بەشدار بن.

لەلای خۆیەوە، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ سووریا، وێڕای بەئاوات خواستنی سەركەوتن بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لە درێژەدان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەوتنی زیاتر بەردەوام دەبێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار