ڕێگای چۆمان - حاجی ئۆمەران نۆژەن دەكرێتەوە

چۆمان-KDP.info- دوای ئەوەی بە ھۆی زۆریی بارانبارینەوە ڕێگای ھاملتۆن چەندین چاڵی تێكەوت و ئەمەش نیگەرانیی ھاووڵاتیانی لێ كەوتەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دا رێگاكە نۆژەن بكاتەوە و بودجەی تایبەتیشی بۆ تەرخان كراوە.
ئەحمەد قادرە سۆر، قایمەقامی قەزای چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ چاككردنەوەی ئەو شوێنانەی لە ڕێگاكە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە بە گوژمەی چوارسەد و شەست وچوار ملیون و شەشسەد و هەشتاوچوار هەزار و پێنجسەد دینار، تەواوی رێگاكە نۆژەن دەكرێتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "پڕۆژەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێرەوە كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".
ڕێگای ھاملتۆن، ڕێگایەكی ستراتیژییە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و ساڵانەش لەوێوە چەندین كەلوپەلی بازرگانی ھاوردەی شارەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێن.
سیروان سابیر




