٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کورد پۆستەکانی خۆی لە مووسڵ وەردەگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوودا گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوادا بکرێت و بە گوتەی بەرپرسانی مووسڵ، زۆرێک لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئیدارەی نەینەوا لە پۆستەکانیان لادەدرێن و کەسانی نوێ شوێنەکانیان دەگرنەوە.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە گۆڕانکاریی ئیداری لە مووسڵ دەستی پێ کردووە و بڕیاریشە گۆڕینی بەرپرسانی ئیداری پارێزگاکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دووای لادانی پارێزگاری مووسڵ و دوو جێگرەکەی، گۆڕانکاریی جددی دەستی پێ کردووە و، بەپێی یاسا ئەو کەسانەی بەوەکالەت لە پۆستەکاندا دەستبەکار بوون لادەدرێن و بەڕێوەبەری ھەمیشەیی لەسەر ئەو پۆستانە دادەنرێن، ئەوانەیشی کە چەندین ساڵە لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە بڕیاری لادانیان بۆ دەردەکرێت، لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە تا پلە ھاوشێوەکان."

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: "لە قۆناغی دووەمی گۆڕانکارییەکەدا جێگرانی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر و پلەکانی ھاوشێوەی بەڕێوەبەر لە ھەر فەرمانگەیەک بێت لادەدرێن و کەسانی دیکە لەو پۆستانەدا دەستبەکار دەبن."

سەیدۆ چەتۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "گۆڕانکارییەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی مووسڵە، بێگومان کوردیش بەشێکی زۆری ئەو پۆستانەی ھەیە کە پێشتر مافی کورد بوونە و بۆ کورد دەگەڕێنەوە، واتە بەپێی یاسا پشکی کورد لە مووسڵ چەند بێت لە کاتی گۆڕینی پۆستەکاندا ھەموو پشکەکانی کورد بە کەسانی کورد دەدرێن."

 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار